توێژینەوەیەک سوودەکانی چەوریی جەستە ئاشکرا دەکات
توێژەرانی زانکۆی تۆهۆ لە ژاپۆن، بۆیان دەرکەوتووە کە چەوری ناو هەناو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندروستی مێشکدا.

توێژەران دەڵێن: هەبوونی بڕێک چەوری ورگ سوودی بۆ مێشک هەیە، بەڵام زۆریی ئەو چەورییە بۆ تەندروستی زیانبەخشە و ڕەنگە مەترسیی مردن زیاتر بکات.
تویژەران سەرنجیان خستە سەر پەیوەندیی نێوان چەوریی ناو هەناو و ڕادەی پرۆتینی بەهێزکردنی مێشک، کە بۆ توانایی بیرەوەری و فێربوون و ڕێکخستنی باری دەروونی پێویستە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە “ئاستی نزمیی پرۆتینی بەهێزکردنی مێشک، ناسراو بە BDNF ، پەیوەندیی بە حاڵەتەکانی وەک خەمۆکیەوە هەیە، لە کاتێکدا ئاستی بەرزیی BDNF ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە باشترکارکردنی مێشکەوە هەیە.”
توێژەران دەشڵێن، لەگەڵ زۆربوونی تەمەنمان، ئاستی BDNF دادەبەزێت، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیرەوەری و خراپی توانایی هەستکردن.
توێژینەوەکە دەری خستووە “CX3CL1” پرۆتینێکە کە ئەنجامی چەوری ناو هەناو بەرهەم دێت، چالاکانە بەشدارە لە پاراستنی تەندروستی دەمارەکانی مێشک.
توێژینەوەکانی پێشووتر دەریان خستووە کە چەوری زیادە لە دەوری کەمەر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شەکرە و وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا زیاد دەکات.
هەرچەندە مێشک لەگەڵ تەمەندا دەگۆڕێت و بچووک دەبێتەوە، بەڵام پسپۆڕان هاوڕان لەسەر ئەوەی خواردنی دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکیەکان، چالاکیی جەستەیی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، خەوی گونجاو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی تەندروستیی مێشک.