25 کەس بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پۆرنۆگرافی منداڵان کە بە زیرەکی دەستکرد بەرهەمهێنراوە دەستگیرکران
دامەزراوەی پۆلیسی ئەورووپا کە بنکەی سەرەکی لە لاهای هۆڵەندایە ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنی کەمبەرلاند دژ بە 25 کەس لە دەستدرێژیکارانی سێکسی بۆ سەر منداڵان ئەنجامدرا، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتووە لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە دەکرێتە سەر منداڵان، لەگەڵ ئەوەی هیچ یاساییەک نییە بۆ سزادانی ئەوانەی لەو جۆرە تاوانانە ئەنجام دەدەن.

پۆلیسی ئەورووپا(یوروپۆل) دەڵێت: زۆرینەی دەستگیرکراوەکانی ڕۆژی چوارشەممە 26 ی شوباتی 2025 لە ئۆپەراسیۆنێکی جیهانی بە سەرپەرشتی پۆلیسی دانیمارک و بە بەشداری دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە 18 وڵات ئەنجامدراوە و 25 کەس تۆمەتبار لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون.
ئەم ڕێکارە ئەمنیانە دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوی سەرەکی کەیسەکە هات لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا کە هاووڵاتییەکی دانیمارکی بوو، ئەو کەسە پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینی بەڕێوە دەبرد و بابەتی بەرهەمهێنراوی زیرەکی دەستکردی بڵاو دەکردەوە.
یۆرۆپۆل ڕایگەیاندووە، ” ئەو تۆمەتبارە دوای ئەوەی بڕێک پارەی لە ئینتەرنێت داوە، لەڕێگەی ئەودا بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهان توانیوویانە پاسۆردێک بەدەست بهێنن بۆ گەیشتن بە پلاتفۆرمەکە و سەیرکردنی ناوەڕۆکەکانی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان.”
پۆلیسی ئەورووپا(یوروپۆل) ئاماژە بەوە دەکات، دەستدرێژی سێکسی سەر منداڵان لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت، یەکێکە لە مەترسیدارترین تاوانەکانی ئەلیکترۆنی لە یەکێتی ئەورووپا، ئاشکراشیکردووە، ئەو پرسە لە ئەولەویەتی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگریی لە زیادبوونی بابەتە نا یاساییەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت بکەن، یۆرۆپۆل ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لەوانەیە خەڵکی زیاتر کە تێوەگڵاون لەو تاوانە، دەستگیر بکرێن.
یۆرۆپۆل ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا ئێستادا تاوتوێی یاسایەکی هاوبەش دەکەن بۆ چارەسەرکردنی “ئەم دۆخە نوێیەی هاتووەتە پێش”.
کاترین دی پاوڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یۆرۆپۆل ڕایگەیاند “ئەم وێنە دەستکردانە زۆر بە ئاسانی دروست دەکرێن کە دەتوانرێت لەلایەن کەسانێک بەرهەم بهێنرێن کە نیازی تاوانکارییان هەیە، تەنانەت بەبێ ئەوەی پێویستی زۆریان بە زانیاری تەکنیکی بێت.”
پۆلیسی ئەرووپا دەڵێت: “ئەم تاوانە دەبێتە هۆی زیادبوونی ناوەڕۆک و بابەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، دەشڵێت: لەگەڵ زیادبوونی دیاردەکە و بوون بە حاڵەت، دۆزینەوەی تاوانباران و قوربانییەکانیش بۆ لێکۆڵەران قورستر دەبێت.”